ئه‌وه‌ش ده‌قی وڵامه‌که که له کوردستان نێت دا بڵاو کراوه‌ته‌وه
عوزر له قه‌باحه‌ت خراپتر
له وڵامی وڵامنامه‌که‌ی به‌ڕێز کاک سه‌لاحی ئه‌حمه‌دی دا
له ماڵپه‌ڕی کوردستان نێت دا وڵامنامه‌که‌ی به‌ڕێز کاک "سه‌لاحی ئه‌حمه‌دی"+ م خوێنده‌وه، که له وڵامی نامه‌که‌ی به‌ڕێز کاک "سه‌باح دشه‌یی"+دا نووسیویه‌تی. پێم‌خۆش بوو که له چه‌ند خاڵدا و زۆر به کورتی بیر و ڕای خۆم له مه‌ڕ بۆچوونی ئه‌و به‌ڕێزه ده‌ربڕم:
کاک سه‌لاحی به‌ڕێز، به‌و شێوازه نووسینه‌ی که پتر وه‌ک قسه‌کانی کۆلکه مه‌لایه‌ک ده‌چن که به سوخته‌یی و دوای خوێندنی گوڵستان و بوستان، یه‌کسه‌ر فێسی مه‌لایه‌تیان له سه‌ر نابێ، گه‌ره‌کییه‌تی وا نیشان بدا که قسه‌کانی به‌ڕێز سه‌باح له به‌رژه‌وه‌ندی حیزب‌دا نین. له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که منیش پێموا نییه نووسراوه‌که‌ی کاک سه‌باح، قازانجێکی ئه‌وتۆی بۆ بزووتنه‌وه‌ی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکرات تێدا بێ، به‌ڵام له‌وه خراپتر پێموایه که کاک سه‌لاحی ئه‌حمه‌دی به‌و وڵامه ناشیانه و دوور له مه‌نتیق و کۆلکه مه‌لایانه‌یه که بێگومان چاوه‌ڕوانی سه‌رقه‌ڵه‌مانه‌شی لێده‌کا، ئاشێڕێکی ئاو ده ئاشی دوژمن کردووه.
سه‌لاح زۆر ده‌روێشانه، به‌رهه‌می تاکه سه‌ردانێکی به‌رێز کاک مسته‌فا هیجری بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به دوو به‌رامبه‌ری هه‌موو ماندوویی و زه‌حمه‌ته‌کانی رێبه‌رانی پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، شه‌هیدان د.قاسملوو و د.سه‌عید و به‌ڕێز مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده، ده‌قه‌بڵێنێ و به بێ ئه‌وه‌ی به بچووکترین به‌ڵگه‌ی زانستیانه باسه‌که‌ی له‌و فه‌قیری و هه‌ژارییه رزگار بکا، یه‌کسه‌ر هۆکاری ئه‌و پڕ به‌رهه‌مییه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌ی کاک مسته‌فا بۆ ئه‌وروپا به شه‌هید نه‌بوونی به‌رێز کاک مسته‌فا هیجری له به‌رامبه‌ر شه‌هید بوونی ڕێبه‌رانی شه‌هیدی ئه‌و حیزبه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، وه‌ک بڵێی هه‌ر که‌س شه‌هید بێ، دۆڕاویشه!!
له لایه‌کیتر،سه‌لاح زۆر ناشیانه و نه‌زانانه په‌لاماری ئه‌و تێکۆشه‌ر و ئازیزانه ده‌دا که هه‌موو ته‌مه‌نی خۆیان بۆ خزمه‌ت به حیزبی دیموکرات و بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران ته‌رخان کردووه و به "پاتاڵ" و "گای پیر" و " به منگه منگ" و ناتۆره‌ی تر ناویان ده‌با و به بێ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت شاره‌زایی نووسینی وشه‌که‌شی هه‌بێ، باسی "ئه‌نه‌رژی"!! تازه له حیزب‌دا ده‌کا. ئه‌گه‌رچی منیش پێم وایه که هه‌موو حیزب و گروپێک بۆ ئه‌وه‌ی باشتر و به هێزێکی زیاتر و تازه‌تره‌وه درێژه به تێکۆشانی خۆی بدا، پێویستی به هێزی تازه و سه‌لاح گوته‌نی ئینسانی به"ئه‌نه‌رژی" هه‌یه. بێگومان حیزبی دیموکراتیش له‌م پێویستییه بێ به‌ری نییه. ئه‌و حیزبه به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی بێ‌وچان شه‌هیدی داوه و خوێنی له به‌ر ڕپیشتووه و ئه‌مه‌ش به بێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی خوێنی نوێ مسۆگه‌ر نییه. به‌ڵام بێگومانم که ئه‌و خوێنه تازه‌یه و ئه‌و ئینسانه به توانایانه هیچ کات له ناو بیر و بۆچوونه‌کانی که‌سانی وه‌ک "سه‌لاح" دا نابیندرێنه‌وه.
به‌رله کۆتایی نامه‌که‌ی، سه‌لاح، وه‌ک کۆلکه مه‌لایه‌ک له کوێره دێیه‌کی کوردستان که له مینبه‌ری مزگه‌وتێکه‌وه ئامۆژگاری خه‌ڵکی نه‌خوێنده‌واری ئاوایی بکا و له عه‌زابی رۆژی قیامه‌ت بیانترسێنێ، ئامۆژگاری هاو بیرانی خۆی ، که بێگومان هه‌ر خۆی ده‌زانێ کێن، ده‌کا که؛ " مه‌بادا مه‌بادا ڕێگایه‌ک بگرن که سه‌باح دشه‌یی گرتوویه، به‌ڵکوو ده‌بی ئه‌و ڕێگایه بگرن که ئوسولی ته‌شکیلاتی تێدا پێشێل ناکرێ"!! به‌ڵام روونی نه‌کردۆته‌وه که له چی و به چی ده‌یانترسێنێ؟!
سه‌لاح نامه‌که‌ی به ئاره‌زووی یه‌کگرتن و ته‌بایی گشت کادر و ئه‌ندامانی حیزب کۆتایی پێدێنێ که بێگومان هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ناوه‌رۆکی نامه‌که‌وه نییه و له گه‌ڵ شێوه بۆچوونه‌کانی ئه‌ودا ناگونجێ و ته‌نها هه‌ڵگری ئه‌و ئاوات و ئاره‌زوویه‌یه که کاک سه‌لاح و که‌سانی وه‌ک ئه‌و مه‌به‌ستیانه و ده‌مێکه سه‌رده‌می وه‌دیهاتنیان ئیکسپایه‌ر بووه و بێکه‌ڵک کراون .
+کوردستان نێت 13/05/2005
+کوردستان نێت 07/05/2005